ئایا ژینگەی کوردستان پیسە؟؟؟؟؟؟؟؟

چاپکردن

بەو پێیەو ھەموو ئەو ئەوانەی دەوری مرۆڤیان داوە ژینگەی مرۆڤ پیًک دەھێنن کەواتە ناو منداڵدانی دایک یەکەم ژینگەی مرۆڤەکانە دواتر بێشکەو ماڵ و دایانگاو باخچەی ساوایان و قوتابخانە و شار و نیشتیمان  و ھەموو گۆی زەوی و تەنانەت ھەموو گەردوون بریتی دەبێت لە ژینگە,و راستەوخۆ یاخود ناراستەوخۆ پیس بوون و شێواندنی ژینگە لە ھەر شوێنێکی گەردوون کاریگەری بۆسەر ھەر تاکێکی کۆمەڵگا دەبێت لە ھەمان کات یاخو بە تێپەر بوونی کات.
پیس بوونی ژینگە بریتیە لە تێک چوونی ھاوسەنگی سروشت بەداخەوە زۆرێک لە لێکۆڵەرەوەکان پیس بوونی ژینگە کورت دەکەنەوە لە پیس بوونی ھەواو نەبوونی سەوزایی و زۆری خاشاک لە شارەکان و دەورووبەریان ئەگەرچی ئەوانە لە ھۆکارە ھەرە گرنگەکانن و بەشێکی زۆر جێگەی بایەخە بەلام پیس بوون تەنھا ئەوەندە نیە بەڵکوو زۆر ھۆکار ھەیە کە راستەخۆ یاخود نا راستەوخۆ ژینگەی مرۆڤ پیس دەکات بەگشتی جۆرەکانی پیس بوونی ژینگە بریتیە لە:
یەکەم: پیس بوونی ھەوا: 
 ھەناسەدان گرنگترین ھۆکاری مانەوەی ژیانی مرۆڤەکانە و ھەرکاتێک وەستا ژیان دەوەستێت لەبەر ئەوە ھەوا گرنگترین پێکھاتەی ژینگەیە و ھاوسەنگ رانەگرتنی پێکھاتەکانی کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ژینگە یەکێک لە رێگەکانی گەرەندنەوەی ھاوسەنگی ھەوا زیاد کردنی رێژەی سەوزایی و نەھێشتنی سەرچاوەکانی پیس بوونی ھەوایە وەک سوتاندنی پاشەرۆو دوکەڵی سەیارە و......ھتد  ئەوەی جێگەی داخە ھەوای ھەرێمی کوردستان تاکو ئێستاش کاریگەری چەند ھۆکارێکی وەک کیمیاباران و ھەڵمەتەکانی کاولکاری بەسەرەوە ماوە 
دووەم: پیس بوونی ئاو:
ئاو یەکێکە لە پێکھاتەکانی لەشی مرۆڤ و کاریگەریەکانی راستەوخۆ کاردەکاتە سەر مرۆڤەکان واتا پیس بوونی ئاو پیس بوونی پێکھاتەی لەشی مرۆڤە چەندین ھۆکار دەبنە ھۆی پیس بوونی ئاو لەوانە فرێدانی پاشەرۆ بۆ ناو ئاوی کانیاو و رووبارەکان و زیاد بەکار ھێنانی پەینی کیمیایی و نزیکی و تێکەڵ بوونی ئاوەرۆی شارەکان لە رووبارەکان و دوو بارە ھەموو شالاوە وێرانکاریەکانی کە بەسەر ھەرێمی کوردستان کاریگەری خراپیان ھەبووە بۆ ئاوی ھەرێمی کوردستان.
سێیەم:پیس بوونی بیستن (ژاوەژاو)
رۆژانە و بە بەردەوام لە سەرجەم شوێنە گشتیەکان نا ئارامیەکی ئاشکرا بەدی دەکرێت ھەر لە دەنگی ماتۆرسکیل و ئۆتۆمبیل و ئاگادارکەرەوەی ئۆتۆمبیل(ھۆرین) و دەنگی ئەمبولانس و نەجدە وە تا دەگاتە تەنگی بڵندگۆی تۆمارگاکان و ھاوار و ژاوەژاوی فرۆشیارەکانی سەر شەقام و دەنگی فرۆکە و کارگەو چەندین دەنگی تر دەبنە ھۆی تێکدانی ئارامی مرۆڤەکان و ژینگەی بینین پیس دەکەن کە ئەم ھۆکارە نا راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەرونی مرۆڤەکان دروست دەکات و جۆرێک نا ئارامی و ئارەزوی پەرچەکردار دروست دەکات لە مرۆڤەکان و دواجار دەبێتە ھۆی گۆرینی ئاراستەی کۆمەڵکا بۆ کۆمەڵگایەکی توندو تیژ لە گفتوگۆو رەفتار ئەوەی جێگەی داخە ھەرێمی کوردستان ھەموو ھۆکارەکانی پیس بوونی ژینگەی بیستنی تێدا بەدی دەکرێت کە بەرپرسیاری سەرەکی لەم مەترسیە کۆمەڵگا خۆیەتی .
چوارەم:پیس بوونی بینین
بەگشتی ئەم جۆرە پیس بوونە بریتیە لە تێکدانی ئارەزووی بینین واتا شێواندن و تێکچوونی ھەموو ئەو شتانەی کە مرۆڤ دەیانبینێت و ئارەزووی بینینیان دەکات لەوانە بەکار ھێنانی رەنگی نەشیاو لە شوێنەکان و نەگونجاندنی رەنگەکان لەگەڵ یەکتری لەکاتی بەکارھێنانیان و نارێکی بەرزی و نزمی خانوو لە گەرەکەکان و بەکارھێنانی جۆری نەمام کە نەشیاو بێت بۆ شارەکان تادەگاتە خراپ گونجاندنی جلو بەرگ ئەمانە ھەمووی دەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی ئارەزووی سەیر کردنی شتەکان و دواجار کاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤەکان دروست دەکات.بەداخەوە ھەموو ئەو ھۆکارانە لە ژینگەی ھەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت.
پێنجەم: پیس بوونی خاک:
یەکێک لە پێکھاتەکانی ژینگە بریتیە لە خاک, بەھۆی ئەوەی کە خاک سەرچاوەی کشتوکاڵە کە بەشێکی سەرەکی خۆراکە و پیس بوونی خاک پیس بوونی بەرھەمی کشتوکاڵیە کەواتە پیس بوونی خۆراکی مرۆڤە ئەمە وێرای ئەوەی خاک شوێنی ژیانی رۆژانەی مرۆڤە و بەسەر خاک دا دەرۆین و لەسەر خاک دەژین, بەگشتی خاک بە بەکار ھێنانی پەینی کیمیایی و کشتوکاڵ کردنی نا دروست کە دەبێتە ھۆی نەمانی چەند مادەیەکی گرنگی خاک یاخود بەھۆی چەند کارەساتێکی سروشتی وەک لافاو و بومەلەرزەو شەق بوونی زەوی خاک دەشێوێت و سروشتی خۆی لەدەست دەدات خۆشبەختانە ئەو ھۆکارە سروشتیانە لە ھەرێمی کوردستان رویان نەداوە بەلام دیسان ھۆکارەکانی کاولکاری و کاریگەری کیمیاباران و شەرە وێرانکاریەکان تاکو ئێستاش بەسەر بەشێکی خاکی ھەریمی کوردستانەوە ماوە.
شەشەم:پیس بوون بە پاشەرۆکان
ئەم پیس بوونە چەند جۆرێک دەگرێتەوە لەوانەپاشەرۆی رۆژانە کە کاریگەری ھەیە بۆ پیس بوونی ھەواو ئاو یاخود پاشەرۆی سوتاندنی لەوەڕگاو دارستانەکان کە وێرای ئەوەی دووکەڵەکەی ھەوا پیس دەکات پاشماوەکەی دەبێتە ھۆی پیس بوونی خاک ھەروەھا پاشماوەی کارگە پیسەسازیەکان چ لە رووی دوکەڵ و چ لە رووی پاشماوەی شل و رەقیەکان ھەروەھا پاشماوەی تیشکی دەرچوو لە کارەساتی سروشتی یاخود کارلێکە کیمیاییە دەستکردەکان لە تاقیگە پزیشکی و پیشەسازیەکان .بەداخەوە پیس بوونی ژینگەی کوردستان بەدەر نیە لەم جۆرەشیان و زۆربەی سەرچاوەکانی ئەم جۆرەی پیس بوونی ژینگەش ھەیە لە ھەرێمی کوردستان.
بەگشتی دەتوانین بڵێین ژینگەی کوردستان پیسە ووتنی ئەم زاراوەیە ئاسانە و دەرخستنی راستیەکانیش کارێکی ئەستەم نیە بەلام ئەوەی کە جێی بایەخە بگوترێت و بکرێت ئەوەیەکە بۆ ژینگەی کوردستان پیسە ؟؟ ئایا کێ بەرپرسە لە پیسی ژینگەی کوردستان؟؟ ئایا گرنگی دان بە ژینگە تەنھا ئەرکی حکومەتە؟؟

ئەندازیاری کشتوکاڵی 
ریباز محمد رسول